کرماشان/ لە کەمپێکی پاکبوونەوە لە مادده هۆشبەرەکان ٧ کەس بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لە دەست دا

کرماشان/ لە کەمپێکی پاکبوونەوە لە مادده هۆشبەرەکان ٧ کەس بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لە دەست دا

14:03 - 4 May 2021

 

هەنگاو: لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٧ کەس لە کەمپێکی پاکبوونەوە لە ماددە هۆشبەرەکان سەر بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کرماشان به هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا و لە ئاکامی کەمتەرخەمی بەرپرسانی کەمپەکەوە گیانیان لە دەست داوە.

بەگوێڕەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بە هۆی کەمکاری  بەرپرسانی کەمپێکی سەر بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لە سەرەتای جاددەی سەراو نیلووفەر هەڵکەوتووە، ٧ کەس لەو هاووڵاتیانەی کە بەمەبستی پاکبوونەوە لە ماددە هۆشبەرەکان ڕوویان لەو کەمپە کردبوو، تووشی کۆرۆنا بوون و گیانیان لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی ئەم کەمپە هیچ گرینگی بە کەمپەکە نادەن و کاتێک نەخۆشەکان دەگوازنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان کە ڤایرۆسەکە بە تەواوەتی کاریگەری خۆی لەسەریان داناوە و دوای مردنیان لەرێگای تەلفوونەوە بنەماڵەکانیان ئاگادار دەکەنەوە و تەنانەت بە بیانووی ئەوەی کە تووشی کۆرۆنا بوون تەرمەکانیان ڕادەست ناکەنەوە و بە بێ بەشداری خزم و کەس و کاریان و بە شێوەیەکی نهێنی لە گۆڕستانی کرماشان ئەسپەردەیان دەکەن.

هەواڵنێری هەنگاو لە کرماشان ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی کە گیانی لە دەست داوە “موسا محەمەدی” خەڵکی گوندی “قەڵای شیان” سەر بە شاباد ڕاگەیاندووە کە دوای ٤٨ کاتژمێر لە مردنەکەی بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “تەرمی موسا بە فەرمانی پشکێنەری دادگای شۆڕشی کرماشان و سەرباری هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەکەی، ڕادەستیان نەکراوەتەوە و بە بێ بەشداری ئەندامانی بنەماڵەکەی لەیەکێک لە گۆڕستانەکانی کرماشان ئەسپەردە کراوە.”

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە تێچووی دوو ڕؤژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە بنەمالەی ئەو کەسانە وەرگیراوە. هەروەها تێچووی ئەسپەردەکردنیشی وەرگیراوە ئەوجار گۆڕەکەیان بە بنەماڵەکانیان ناساندووە.