کرماشان/ چوار چالاکی فەرهەنگی حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: چوار چالاکی فەرهەنگی کورد کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە لە کرماشان دەستبەسەر

٤ جۆزەردان ٢٧٢٠، ٠٩:٤٣


هەنگاو: چوار چالاکی فەرهەنگی کورد کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرابوون، حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چاوار چالاکی فەرەنگی کورد بە ناوەکانی ”شەهریار تەهماسبی“، ئەردەشیر موسەوی“، ”مستەفا باقری ئاشنا“ و ”ئەرسەلان هدایەتی“ لەلایەن دەسزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە هەر کامەیان حوکمی  ٩ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شاهرۆخ مورادی“ و بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی حکوومەت و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و تەکووزی کۆمەڵگا“ بەسەر ئەو چوار کەسەدا سەپاوە. ئەو چوار چالاکە لە تۆمەتی ”بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی حکوومەت“ بێ بەری کراون.

یەکێک لەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەو ٤ چالاکە کوردە پێکهێنانی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش و تەکووزی کۆمەڵگایە کە مەبەستیان دامەزراندنی گرووپی ژینگەپارێزی ”نیشتمانی سەوز“ی کرماشان بووە. ئەو گرووپە دوو ساڵ بە شێوەی یاسایی کاری کردووە و دواتر لە ژێر گوشاری ئیتلاعات بۆ سەر پارێزگاری کرماشان، مۆڵەتی چالاکییەکەی هەڵوەشێندرایەوە.

ئەو چوار چالاکە کوردە ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧١٨ (٥ی ژوئیەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

جێگای ئاماژەیە کە مستەفا باقری ئاشنا خەڵکی ئەسەد ئاباد سەر بە پارێزگای هەمەدان، شەهریار تەهماسبی و ئەردەشیر مووسەوی خەڵکی کرماشان و ئەرسەلان هیدایەتی خەڵکی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنەیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە