کوروش عەزیزی خۆی بە بەندیخانەی شنۆ ناساند

هەنگاو: کورش عەزیزی کە لە لایەن دەزگای دادوەریی حوکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە

١ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٣:٥١

 

هەنگاو: کورش عەزیزی کە لە لایەن دەزگای دادوەریی حوکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ ناساند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کوروش عەزیزی، خەڵکی گوندی قەرەسەقەلی شاری شنۆ ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٢ی دێسامبری ٢٠١٩)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣ ساڵەی حوکمەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساند.

کوروش عەزیزی ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧١٨ (٤ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەگەڵ چەند هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای ٤٧ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکسی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری شنۆ کوروش عەزیزی و ٦ هاووڵاتی دیکەی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر کام بە ٤ ساڵ بەندکران مەحکووم کرد.

ەپێی ئەو حوکمە هەر یەک لە کوروش عەزیزی، ئەبووبەکر میناپاک، محەمەد ئەمین قازی، مەغدید محەمەدزادە، یوسف ئەحمەدی ، تەیب بامروەت و کامڵ ئەحمەدی هەر کامەیان حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی کوروش عەزیزی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە