کوژران و بریندار بوونی لانیکەم دوو کۆڵبەر لە سنووری شنۆ + وێنە

هەنگاو: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کوێستانەکانی کێلەشین هەڵکەوتوو لەنێوان شنۆ و سیدەکان، لانیکەم دوو کۆڵبەری کورد بوون بە قوربانی.

٨ جۆزەردان ٢٧١٨، ١٢:٥٨

 

هەنگاو: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کوێستانەکانی کێلەشین هەڵکەوتوو لەنێوان شنۆ و سیدەکان، لانیکەم دوو کۆڵبەری کورد بوون بە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (٨ی جۆزەردانی ٢٧١٨ / ٢٩ی مەی ٢٠١٨)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کوێستانی کێلەشین و لە شوێنێک بە ناوی “سپی ڕێز”، کاروانێکی کۆڵبەرانیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە و کۆڵبەریکی کورد لە ئەنجامی ئەم تەقە کردنە گیانی لەدەست دا و کۆڵبەریکی دیکەش بریندار بوو.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری شنۆ ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٢٨ ساڵەی کە گیانی لە دەست داوە ”ڕێبوار مورادی“ کوڕی ڕەسووڵ ڕاگەیاندووە. ڕێبوار خەڵکی ئاوایی کانی ڕەشی شنۆ و باوکی منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ بووە.

هەروەها، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ”خەلیل فەڕوخی“ دوو گولە بەر سینگ و شانی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣٢ ساڵە کە خەڵکی گوندی ”دووڕو“ سەر بە شاری شنۆیە بە مەبستی چارەسەریی پزیشكی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران و پاشان هەولێر کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە