کوژران و بریندار بوونی چەند کەس لە هێزەکانی ئێران لە سنووری بانە

هەنگاو: بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونێک کە لەنێوان هیزێکی نەناسراو و هێزەکانی هەنگی سنووری شاری بانە هاتە ئاراوە، چەند کەس لە هێزە چەکدارەکانی .

١٩ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٢٠:٣٨

 

هەنگاو: بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونێک کە لەنێوان هیزێکی نەناسراو و هێزەکانی هەنگی سنووری شاری بانە هاتە ئاراوە، چەند کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئـێران کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ١٠ی ژوئیەی ٢٠١٨)، لە سنووری بانە تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتوەتە ئاراوە کە بەو هۆیەوە چەند کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو  تێکهەڵچوونە لە کوێستانی ناوبریتان کە لە ناوچەی خێڵەڕەشی بانە هەڵکەوتووە هاتووەتە ئاراوە و تێیدا چەند کەس کە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە ئەو هێزانە بۆسەیان بۆ کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد داناوە کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە هێرش کراوەتە سەریان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەوتراوە کە پێشمەرگە هێرشی کردووە سەر هێزەکانی هەنگی سنوور و هێرش بەران وەکوو شۆڕشگێر  ناویان لێ براوە.

ناسنامەی یەکێک لەو چەکدارانەی ئێران کە لەو تێکهەڵچوونەدا کوژراوە ڕامین فەخری ڕاگەیندراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ یەک لە میدیا حکومەتییەکان هەواڵی ئەو شەڕەیان ڕووماڵ نەکردووە و تەنانەت هەواڵی تێکهەڵچوونەکی چەند ڕۆژ پێشی بۆکانیان ڕووماڵ نەکردووە و تەنیا چەند ماڵپەڕیکی لۆکاڵی نزیک لە سپای پاسداران باسیان لێوە کردووە .

لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا چەندین تێکهەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیران لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار و مەریوان هاتووەتە ئاراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە