کوژران و بریندار بوونی ٢٧ کۆڵبەر لە مانگی نۆڤەمبری ٢٠١٨

هەنگاو: مانگی نۆڤەمبری ٢٠١٨ یەکێک لە خوێناوی ترین مانگەکان بۆ کۆڵبەرانی کورد بو. لەو مانگەدا ١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕ

١١ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٨:٣٥

 

هەنگاو: مانگی نۆڤەمبری ٢٠١٨ یەکێک لە خوێناوی ترین مانگەکان بۆ کۆڵبەرانی کورد بو. لەو مانگەدا ١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست دا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی نۆڤەمبری سالی ٢٠١٨ دا، لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان، ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای سنە و ٥ کۆڵبەریش لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە کوژراون کە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا ١٧ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٠ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٦ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و کەسێکیشان خەڵکی پارێزگای کرماشان بووە.

لەو ڕێژەیە ١٦ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران  بریندار کراون و کەسێکیشان بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرەوە بریندار بووە.

 زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پیرانشار و بانە بوونەتە قوربانی، ٤ کۆڵبەر لە پیرانشار کوژراونو ٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون، هەروەها ٢ کۆڵبەر لە بانە کوژراون و ٦ کۆڵبەریش بریندار بوون.

لە کۆی ئەو ٢٧ کۆڵبەرەی کە بوونەتە قوربانی ٢٥ کەسیان کە دەکاتە ٩٣٪ ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون یان بریندار کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە