کوژران و بریندار بوونی ٧ کۆڵبەر لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا

کوژران و بریندار بوونی ٧ کۆڵبەر لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا

12:21 - 17 September 2019

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی سەردەشت بریندار بوو و بە ئەژمار کردنی ئەم حاڵەتە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٧ کۆڵبەر کوژاون و یان بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕیکەوتی ١٥ هەتا ٢٥ی خەرمانان (٦ هەتا ١٦ی سێپتامبر)، لانیکەم ٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦ حاڵەتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧١٩ (١٦ی سێۆتامبری ٢٠١٩)، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ”مەحیەدین مام خدری“ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراوە.

لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”ئیدریس ڕەحیمی“ کوڕی محەمەد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی جێگیر لە پایگای میلان گیانی لە دەست دا.

لەلایەکی دیکەوە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ”محەمەد هادی زادە“ خەڵکی شاری قوتوور و ”ئازاد نێعمەتی“ خەڵکی سەردەشت لە ڕێکەوتی ٢٢ و ١٧ خەرمانان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

هەروەها، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ”یوسف مستەفاپوور“ بەتەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێرانی بریندار کرا.

ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانانیش، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”محەمەد ئەحمەدیان“بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێرانی بریندار و کۆڵبەرێکی خڵکی مەریوانیش بە ناوی ”ڕەحمەت نادریان“ بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بریندار بوون.