کوژران و بریندار بوونی ٨٨ کۆڵبەر لەماوەی ٦ مانگدا

هەنگاو: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٨٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هەروەها بە هۆی ڕووداوی سروشتییەوە کوژراون و بریندار.

٩ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٢١:٠٩

 

هەنگاو: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٨٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هەروەها بە هۆی ڕووداوی سروشتییەوە کوژراون و بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو. لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، ٨٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد  بوونەتە قوربانی کە ئەم ئامارە بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی کە ١١٩ حاڵەت تۆمارکرابوو ٢٦.٥٪ کەمی کردووە.

لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا ٣٨ کۆڵبەر کوژرابوون و ٨١ی دیکەش بریندار ببوون.

 

کوژرانی کۆڵبەران

بەپشتبەستن بە ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکان و ٥ کاسبکار لە جاددەکانی کوردستان و ئێران کوژراون.

لەو ڕێژەیە ٩ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ١١ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو بەربوونەوە لەشاخ، کەوتنە ناو ڕووبار، ڕنوو و سەرما و … ، ٣ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، کەسێک بە هۆی تەقینەوەی مین و کەسێکیش بە هۆی جەڵتەی دڵ لە ژێر گوشاری اکر لەکاتی کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.

١٩ کۆڵبەری کوژراو خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٥ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و کەسێکیشیان خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

 

برینداربوونی کۆڵبەران

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەسەریەک ٦٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون کە ٤ کەسیان کاسبکار و ٥٩ کەسیان کۆڵبەر بوون.

لەو ڕێژەیە ٣٧ کەسیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون،١٥ کەسیان بە هۆی کەوتنە خوارەوە لەبەرزایی لەکاتی هەڵهاتن، ١٠ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین و کەسێکیش بە هۆی کەوتنە ژێر بارەوە بریندار بووە.

زیاترین ئەو کۆڵبەرانەی کە بریندار بوون بە ٤٢ حاڵەت لە پارێزگاری ئورمیە تۆمار کراوە، لەپارێزگای سنە ١٨ حاڵەت و لە پارێزگای کرماشانیش ٢ حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران تۆمار کراوە.

 

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپێدراوە

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە