کوژران و برینداربوونی سێ شوان لە سنوورەکانی ئورمیە و سەردەشت

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە سنوورەکانی ئورمیە و سەردەشت سێ شوان لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بە تەقەی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٠٢:٢٦

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە سنوورەکانی ئورمیە و سەردەشت سێ شوان لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بە تەقەی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) هیزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری ئورمیە شوانێکیان بە ناوی وەیسی بادینی داوەتە ەبر دەستڕێژی گوللە و کوشتوویانە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەیسی بادینی خەڵکی گوندی سورکان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لەلایەن ئەو هێزانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بە هۆی خوێنبەربوونەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تەرمی وەیسی بادینی کە باوکی دوو منداڵیشە هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ٧ی خەزەڵوەر (٢٩ی ئۆکتۆبر)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای دۆڵەتووی سەردەشت تەقەیان لە چەند شوانێک کردووە کە لە نزیک ئەو پایگایە سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بوون.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو،. لە ئاکامی دەستڕێژی ئەو هێزانە شوانێک بە ناوی ئازاد ڕابت تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی ٤ منداڵ و ژنبراکەی بەناوی شلێڕ قڕان تەمەن ٤٠ ساڵ و دایکی منداێک بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە