کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاسباکرێکی خەڵکی سەقز لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کوژراوە و دوو کۆڵبەری خەلکی بانە و سەردەشت لە سنوورەکانی ئەو شارانە پێکراون.

١١ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:١٨

 

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاسباکرێکی خەڵکی سەقز لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کوژراوە و دوو کۆڵبەری خەلکی بانە و سەردەشت لە سنوورەکانی ئەو شارانە پێکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٣٠ نۆڤەمبەری ٢٠٢٠)، هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاڵی سنووری نۆکانی سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لەئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی شیروان مەولانپەناه بە سەختی بریندار بووە. ئەو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی خدر ڕەسووڵی لە کاتێکدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ڕاونرابوو و تەقەی لێکرابوو، لە هەڵدێرێکەوە بەربووەتەوە و بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤەمبر)، کاسبکارێکی خەڵکی سەقز بە ناوی سیامەک کەریمی تەمەن ٣٠ ساڵ لە جاددەی فوومەن بۆ سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە کردووە، ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە ئەو ئۆتۆمبێلە هیچ بارێکی پێ نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە