کوژران و برینداربوونی چوار کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا

هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیە، کوژرانی لانیکەم کۆڵبەرێک و برینداربوونی سێ کۆڵبەری دیکەی لێ کەوتەوە.

٣ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٩:٤٦


هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیە، کوژرانی لانیکەم کۆڵبەرێک و برینداربوونی سێ کۆڵبەری دیکەی لێ کەوتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەرەبەیانیی هەینی ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٢ی مەی ٢٠٢٠)، لە بەرزاییەکانی “خەجێ خاتوون” لە سنووری تورکیا، دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کورد دراونەتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و کۆڵبەرێکی خەڵکی ماکۆ کوژراوە و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.


ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە کوژراوە “قادر یادسار” تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “دێم قشڵاق” سەر بە ماکۆ ڕاگەیەندراوە و ناسنامەی بریندارەکان هەتا ئێستا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.


تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە کە خێزاندار و باوکی ٢ منداڵ بوو هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و چارەنووسی بریندارەکانیش هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕوون نییە.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە یەک حەوتووی ڕابردوودا هێزەکانی تورکیا دوو کۆڵبەری کوردیان کوشتووە و لانیکەم ٤ کەسی دیکەشیان بریندار کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە