کوژران و برینداربوونی ١٤٣ کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧٢٠

کوژران و برینداربوونی ١٤٣ کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧٢٠

10:54 - 25 September 2020

 

هەنگاو: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی کوردی لانیکەم ١٤٣ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧٢٠، لانیکەم ١٤٣ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٩ کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لە دەست داوە و ١٠٤ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون کە ٨٩٪ ئەم حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا بووە.

لەو ماوەیەدا ١٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی کە پێنج کەسیان گیانیان لە دەست داوە و حەوت کەسیان بریندار بوون.

هەروەها چوار کۆڵبەر و کاسبکاری مێرمنداڵ کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.


چۆنێتی کوژران یان بریندار بوون
تەقەی ڕاستەوخۆ : ١٢٧ حاڵەت (٣٢ کوژراو و ٩٥ بریندار) کە دەکاتە ٨٩٪ ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتووچۆ: ٤ حاڵەت (٢ کوژراو و ٢ بریندار ) کە دەکاتە ٣٪ ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی سرووشتی: ١٠ حاڵەت (٥ کوژراو و ٥ بریندار) کە دەکاتەن ٧٪ی کۆی حاڵەتەکان
تەقینەوەی مین: ٢ حاڵەت (٢ بریندار) کە دەکاتە ١٪ی کۆی ڕووداوەکان.

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئورمیە: ٧٧ حاڵەت ( ٣٠ کوژراو ٤٧ بریندار).
پارێزگای سنە: ٣١ حاڵەت ( ٦ کوژراو و ٢٥ بریندار ).
پارێزگای کرماشان: ٣٥ حاڵەت ( ٣ کوژراو و ٣٢ بریندار ).