کوژران و برینداربوونی ١٠٤ کۆڵبەر لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا

هەنگاو: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٤ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی .

٣٠ خەرمانان ٢٧١٨، ١٨:٠٩

 

هەنگاو: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٤ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ١٧ حاڵەت کەمی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧١٨ی کوردی (٢١ی مارسی ٢٠١٨ هەتا ٢٢ سێپتامبری ٢٠١٨)، لەسەریەک ١٠٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی.

ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کە ١٢١ حاڵەت بووە ١٧ حاڵەت واتە ١٤.٥٪ کەمی کردووە.

لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لە دەست داوە کە ٢٩ کەسیان کۆڵبەر بوون و لە سنوورەکان کوژراون و ٣ کەسیان کاسبکار بوون و لە جاددەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

لە کۆی ئەو ٣٢ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە ٢١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران ، ٣ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٢ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین، ٤ کەسیان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە هەڵدێر و ٢ کەسیشیان بە هۆی جەڵتەی دڵ لەکاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها ٢٢ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە کوژراون خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٨ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و ٢ کەسیانیش خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

هەر لەو مەودا زەمەنییەدا، ٧٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون کە ٦٩ کەسیان کۆڵبەر و ٣ کەسیان کاسبکار بوون.

لەو ڕێژەیە ٤٥ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران، ١٠ کۆڵبەر بەهۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر و بەرزایی، ٨ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین، ٨ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ و کۆڵبەرێکیش بە هۆی کەوتنە ژێر بارەوە بریندار بوون.

 هەروەها ٤٦ کەس لەوانەی بریندار بوون خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٢٠ کەس خەڵکی پارێزگای سنە و ٦ کەسیش خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

بە پێی ئەو وێنەیەی خوارەوە، زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی کە ٦٨ کەس واتە (٦٤٪) کۆ گشتی خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون. هەروەها ٢٨ حاڵەت (٢٦٪)، خەڵکی سنە، ٨ حاڵەت (٨٪) خەڵکی پارێزگای کرماشان و ٢ حاڵەت واتە ٢٪ی ئەو بریندارانە خەڵکی باشووری کوردستان بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە