کوژرانی خۆپێشاندەرێکی دیکە لە جوانڕۆ، هەنگاو ناسنامەی ٤ کەس ئاشکرا دەکا

هەنگاو: لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی جوانڕۆ لانیکەم هاووڵاتییەک گیانی لەدەست داوە و یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانیش کوژراوە.

٢٦ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٢٠:١٥

 

هەنگاو: لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی جوانڕۆ لانیکەم هاووڵاتییەک گیانی لەدەست داوە و یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانیش کوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩)، هێزەکانی سپای پاسداران لە گۆڕەپانی بەسیجی شاری جوانڕۆ، تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەست داوە. ناسنامەی ئەو هاووڵاتیە تا ئێستا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە و چەند سەرچاوەیەک باس  لە گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەش لەلایەن خەڵکی ناڕازیەوە کوژراوە.

ئەو سەرچاوە باس لەوە دەکات کە خەڵکی جوانڕۆ دەستیاب بە سەر ٩ لقی بانکەکانی ئەو شارە و چەندین ئیدارەەی حکوومەتیدا گرتووە.

هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە گیان لەدەستدانی ١٤ هاووڵاتی و برینداربوونی ٥٢ کەسی دیکە لە خۆپێشاندانەکانی  ڕۆژی ڕابردووی شاری جوانڕۆ کرد.

تا ئێستا ناسنامەی چوار کەس بە ناوەکانی “کاوە محەمەدی” ، ”حەمزە نەقدی” ، “ئیبراهیم مورادی” و “عەزیز” کە کارمەندی شارەوانی بووە بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لە کوژرانی ژنێک لە شاری جوانڕۆ دەکەن.

بەم پێیە لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٥ هاووڵاتی  خۆپیشاندەر لە شاری جوانڕۆ گیانیان لە دەست داوە.

تەرمی کوژراوەکان هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە