کوژرانی دوو ژن لە سنە و خوڕەمئاوا

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ژن لە شارەکانی سنە و خوڕەمئاوا لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون.

٨ خەرمانان ٢٧١٩، ١٤:٣٧

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ژن لە شارەکانی سنە و خوڕەمئاوا لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، ژنێک و دوو منداڵەکەی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری خوڕەمئاوا لەلایەن مێردەکەیەوە کوژراون.

ناسنامەی ئەو ژنەی کە کوژراوە ”مانیا دەریکوەند“ ڕاگەیەندراوە. هەروەها دوو منداڵەکەشی بە ناوەکانی ”سەید زەحا و سەید ڕەزا موسەوی“ کوژراون.

هاوژینی ئەو ژنە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە و ڕایگەیاندووە کە ژن و منداڵەکەم بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کوشتووە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست)، ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵی خەڵکی سنە بە ناوی ”سەحەر ڕوستەمی“ لە گەڕەکی بەهارستانی ئەو شارە و لە ناو پارکینگی ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و دواتر بکوژەکان تەرمەکیان خستووەتە ناو بەنداوی قشڵاخەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕگەیاند کە ئەو ژنە لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیەوە و بە مەبەستی دزینی زێڕەکانی کوژراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە