کوژرانی سێ ژنی ئەندامی یەک بنەماڵە لە کرماشان

هەنگاو: لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کرماشان دایکێک و دوو کچی لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە کوژران.

٧ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٢:٢٧

 

هەنگاو: لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کرماشان دایکێک و دوو کچی لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە کوژران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٢) سێ ژنی ئەندامی یەک بنەماڵە کە بریتین لە دایکێکی ٥٥ ساڵ و دو کچی ٣٥ ساڵ و ٣١ ساڵ لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە بە چەک کوژران.

عەلی ئەکبەر جاویدان فەرماندەی هێزی ئینتزامیی کرماشان رایگەیاندووە، ئەم کوشتنە لە شارەکی پەردیسی کرماشان رووی داوە و بکووژ کە خوشکەزایی دایکی ئەو بنەماڵەیە و زاوای پێشووشیان بووە، دوای چوار کاتژمێر دەستبەسەر کراوە.

بە گوتەی ناوبراو، بکووژ دانی بەوەدا ناوە کە بە هۆی ڕق و کینە ئەم کەسانەی کوشتووە.

یەکێک لە کوژراوەکان کە تەمەنی ٣١ ساڵ بووە پێشتر هاوسەری بکوژ بووە و پێش ٥ ساڵ لەیەکدی جیابوونەتەوە و منداڵێکی ٦ ساڵانیان هەبووە کە لای ناوبراو بووە و کە دایکی و داپیری و پووری لەپێش چاوی ناوبراو کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە