کوژرانی کاسبکارێکی کورد لە نزیک شاری تەورێز

هەنگاو: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەلەکان سەر بە پارێزگای ئازەربایجان کاسبکارێکی کوردیان کوشتووە

١٣ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٣:٥٧

 

هەنگاو: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەلەکان سەر بە پارێزگای ئازەربایجان کاسبکارێکی کوردیان کوشتووە و بەڵێنییان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە کە نابێ سکاڵا بکەن.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٠١٩ (٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەلەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێکی کاسبکارێکی کورد کردووە و شۆڤێرەکەیان بە ناوی ”سدیق خالیدی“ تەمەن ٤٧ ساڵ کوشتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خالیدی بە هەواڵنیری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، سدیق خالیدی بۆ ئۆتۆمبێلی خۆی کە جۆری پژۆ بووە، بەرەو مەلەکان ڕۆشتووە کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بە گومانی هەڵگرتنی کەل و پەلی قاچاخ تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست  داوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان دوای ٢٤ کاتژمێر تەرمی سدیقیان بە مەرجێک ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە کە هیچ جۆرە سکاڵایەک لەوبارەوە تۆمار نەکەن.

سدیق خالیدی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی ”ئەرمناک“ی میاندواو و دانیشتووی مەهاباد بووە و ڕۆژی هەینی تەرمەکەی لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە