کوژرانی کۆڵبەرێکی بریندار دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە

هەنگاو:کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی شاری شنۆ دوای دەستبەسەرکران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراوە و دو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بریندار کراون.

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٠، ٢٠:٥٩

 

هەنگاو:کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی شاری شنۆ دوای دەستبەسەرکران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراوە و دو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بریندار کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی “سەلاحەدین عیسازادە” کردوە و بە سەختی برینداریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەچەکدارەکان دوای بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرە، دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و لە کۆتاییدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتوویانە.

سەلاحەدین عیسازادە تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی شێوەسماک سەربە شاری شنۆ بووە کە دوایی کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ ساردخانەی شاری نەغەدە.

ناوەندە ئەمنیەکان بە مەرجی میدیایی نەکردنی ئەو هەواڵە تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی ”بارزان“ لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە ەتقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بەسەختی پێکراوە و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە کراوە.

هەروەها، ڕۆژی شەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی قوڵقوڵە سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی ”فاتێح مەحموودی“ تەمەن ٣٤ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بەسەختی بریندار بووە. ناوبراو لە کاتی هەڵاتن لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەربووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە