کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو لە سنووری ماکۆ

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:٠٨


هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی گوندی سگریک سەر بە شاری ماکۆ تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی ئێران کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی ”قاسم سەرباز“ کوڕی تاجەدین کوژراوە. ئەو کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لانیکەم ٣٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٨ کەسیان گیانیان لە دەست داوە. لە کۆی ئەو ٣٠ حاڵەتە ٢٨ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا و ٢ حاڵەتی بە هۆی تەقینەوەی مین بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە