کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە ئورمیە

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەێکی کوردیان کوشت.

٣ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٠٠:٣٧

 

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەێکی کوردیان کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، کاتژمێر ١١ی شەوی سێشەممە ( ٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٢٤ی ژوئیەی ٢٠١٨)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای زەینی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ئورمیە، پۆلێک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی لە دەست داوە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لەشاری ئورمیە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە گیانی لە دەست داوە ”ڕەشید محەمەد عەلی  تەمەن ٣٤ ساڵ و “ خەڵکی گوندی ”شکڵ ئابادی“ سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕێ ئورمیە ڕاگەیاندووە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە ڕوانەی پزیشکی یاسایی ئورمیە کراوە و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ڕادەستی بنەماڵکەی نەکراوەتەوە.

یەکێک لە کۆڵبەرە هاوڕێکانی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا چەند کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون کە چارەنووسیان نادیارە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوی مانگی پووشپەڕدا ، ٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لە دەست داوە کە سێ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە