کوژرانی ٣٨ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران لەماوەی مانگی پووشپەڕدا

هەنگاو: لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی مانگی ڕابردووی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئورمیە لانیکەم ٣٨ چەکداری ئێرانی کوژراون.

١ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٢٢:١٨

 

هەنگاو: لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی مانگی ڕابردووی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئورمیە لانیکەم ٣٨ چەکداری ئێرانی کوژراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی مانگی پووشپەڕی ٢٧١٨ی کوردی، بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و چەکدارانی ئێران لە کوردستان، لانیکمە ٣٨ چەکداری ئێرانی کوژراون و دەیان کەسی دیکەشیان بریندار بوون.

هەروەها لەئەنجامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا ٥ پێشمەرگە و ٤ گریلا گیانیان لە دەست داوە.

 

زانیاری تەواو لەسەر ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە بە شێوەی خوارەوەیە؛

٢ی پووشپەڕی ٢٧١٨: لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەکدارانی ئێران لە ناوچەی کۆنە لاجانی پیرانشار، پێشمەرگەیەک گیانی لە دەست دا و ٣ چەکداری ئێرانی کوژران و ٥ی دیکەس بریندار بوون.

٧ی پووشپەڕی ٢٧١٨ : بە هۆی تەقەی چەکدارانی نەناسراو لە ئۆتۆمبێلێکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری ئورمیە و لەئاکامدا وەرگەڕانی ئەو ئۆتۆمبێلە، ٣ چەکداری ئێران کوژران. میدیاکانی ئێران تەنیا کوژرانی یەک کەسیان ڕاگەیاند.

١١ی پووشپەڕی ٢٧١٨: کوژران و بریندار بوونی ٨ ئەندامی سپای پاسداران لە شنۆ. لەو شەڕەدا کە گرووپێکی سپا کەوتبووە بۆسەی گرووپێکی دیکەوە ٣ کەس کوژران و ٥ کەسیش بریندار بوون. میدیا حکومەتییەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو تێکهەڵچوونە نیوخۆییەی سپا بڵاو نەکردوە.

١٦ی پووشپەڕی ٢٧١٨: لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی نیوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و سپای پاسداران لە نزیک بۆکان ٢ پاسدار کوژران و ٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٨ : کوژرانی چەکداریکی ئێران لە سنووری بانە بە دەستی گرووپێکی نزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

٢٠ ی پووشپەڕێ ٢٧١٨: کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لە پیرانشار بە ناوی حوسێن شوانکارە. هەلۆکانی زاگرۆس نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.

٢٠ ی پووشپەڕێ ٢٧١٨: گریلایەکی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئاکامی تێکهەڵچوونێک لە نزیک مەریوان گیانی لە دەست دا.

٢١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ : کوژرانی دوو کەس لە ئەندامانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو  لەئەنجامی تێکهەڵچوون لەگەڵ چەند چەکداریکی نەناسراو کە دەوترێت ئەندامی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون، بەڵام حیزبی دێموکرات هەتا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەوبارەوە نەداوە.

٢٣ی پووشپەڕی ٢٧١٨: کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی ئەرکان قەدیمی لە شاری مەریوان. کۆدار بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆی خۆی.

٢٣ی پووشپەڕێ ٢٧١٨: لە ئەنجامی تیکهەڵچوونێکی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک شاری پاوە سێ گریلا گیانیان لە دەست دا و دوو پاسداریش کوژران.

٢٦ی پووشپەڕی ٢٧١٨: دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەنجامی تۆپبارانی بنکەکانی ئەو حیزبە لە کوێستانەکانی بەربزین و هەڵگورد لەلایەن سپای پاسدارانەوە، گیانیان لە دەست دا.

٣٠ی پووشپەڕی ٢٧١٨: لە ئاکامی هێرشی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر پایگایەکی سپای پاسداران لە نزیک مەریوان ٢١ پاسدار کوژران و ٨ی دیکەش بریندار بوون.

 

 

لەم ئامارەدا ئەو تێکهەڵچوونانەی کە کوژراو و برینداری نەبووە نەنووسراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە