کچێکی لاو دوای ئەوەی لەلایەن داواکارەکەیەوە رفێندرا، کوژرا

هەنگاو: کچیکی لاوی خەڵکی کرماشان و دانیتشووی ساری لە باکووری ئێران دوای ئەوەیکە لەلایەن داواکارەکەیەوە ڕفێندرا، کوژرا.

١٥ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢٠:٥٤

 

هەنگاو: کچیکی لاوی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ساری لە باکووری ئێران دوای ئەوەیکە لەلایەن داواکارەکەیەوە ڕفێندرا، کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) کچێکی لاوی خەڵکی کرماشان بە ناوی “نگار ئەحمەدی” تەمەن ٢٧ ساڵ لەلایەن یەکێک لە هاوپۆلییەکانی کاتی زانکۆی کە چەندین جار خوازبێنی لێ کردبوو و وڵامی نەرێنی پێ دابوو، ڕفێندراوە و دوای ئەوەیکە دەسدرێژی کراوەتە سەر، کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بکووژ بە ناوی “سامان یاری” کە بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، لە نەتەوەی ئازوەری و خەڵکی ئورمییەیە، بە هاوکاری دوو هاورێی خۆی نگاریان دزیوە و لە نزیک ئەسەدئابادی سەر بە پارێزگای هەمەدان دوای ئەوەی دەسدرێژی کردووەتە سەری، نگاری خنکاندووە و دواتر چەند گولەی پێوە ناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند، سامان یاری دوای ئەوەیکە نیگاری کوشتووە، خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە و زانیاری لەسەر شوێنی تەرمی نگاری بە پۆلیس داوە و توانیویانە تەرمەکەی بدۆزنەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند:” ئێمە ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمێکی لەدایکبوونی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەمان هەبوو و چاوەڕوانی گەڕانەوەی نگار بووین، ئەم چاوەروانییە زۆری خایاند و مۆبایلەکەیشی کوژابوویەوە و بۆیە ئیمە زۆر دڵەڕاوکەمان بۆ دروست بوو، لە کۆتاییدا شەو پۆلیس ئێمەیان لە کوشتنی نیگار ئاگادار کردەوە.

ئەم سەرچاوە کە ناسنامەکەی لەلای هەنگاو پارێزراوە لە درێژەدا ڕایگەیاند:” موجتەبا ئەحمەدی باوکی نگار یەکێک لە کەسە ناسراو و حکومەتییەکانی ناوچەکەیە، هەر لەسەرەتاوە وتوویەتی ئەم بابەتە بە هیچ شێوە نابێت میدیایی بکرێتەوە و تەنانەت ئیزنی نەداوە ڕاگەیەندراوی مردنی بڵاو بێتەوە و ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکەی بەشێوەیەکی شاراوە و بە بەشداری کەمتر لە ٢٠ کەس لە گۆڕستانێکی ساری بەڕێوەچوو.ه

هەر لەمبارەوە هەنگاو زانیویەتی موجتەبا ئەحمەدی باوکی نگار، هەڕەشەی لە لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کردووە و نابێت ئەم بابەتە میدیایی بکرێتەوە و ڕایگەیاندووە کە بۆ جێگەی و پێگەی من باش نیە و دەبێت بڵێین کچەکەمان جەڵتە لی داوە.

 یەکێک لە هاوڕێیانی نگار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند:” نگار ئەحمەدی چەند ساڵ پێش لە یەکێک لە زانکۆکانی ئورمیە بەکالریوسی لە ماف وەرگرتبوو و لە هەمان زانکۆ لەگەڵ سامان یاری یەکتریان ناسیوە و سامان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار خوازبێنی لێ کردبوو کە نگار وڵامی نەرینی پێداوە.

شایانی باسە سامان یاری دوای کوژشتنی نگار، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە، بەڵام دو هاوڕێیەکەی تا ئێستا دەستبەسەر نەکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە