کچە شاعیرێکی ١٧ ساڵەی مەریوانی دەستبەسەر و کەوتە بەر لێدان و کوتان

هەنگاو: کچە لاوێکی شاعیر لە مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە کراوە.

١٨ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٥:٠١

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: کچە لاوێکی شاعیر لە مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە کراوە.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی پێنجشەممە ١٦ی رێبەندانی ٢٧٢٠( ٤ی فوورییەی ٢٠٢١)، ئارەزوو مستەفایی، شاعیر و نووسەری خەڵکی مەریوان بە نازناوی " هەنسک" لە رێگای هەڕەشەی تەلەفوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگ و دواتر دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات رۆژی چوارشەممە ئەو شاعیرە لاوەی بانگهێشت کردبوو کە ناوبراو خۆی بواردووە کە بچێتە ئەو ئیدارەیە و رۆژی دواتر هەڕەشەیان لە ناوبراو کردبوو کە ئەگەر نەچێت بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر ئەکرێ.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئارەزوو مستەفایی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی راگەیاند، ئارەزوو رۆژی پێنجشەممە پاش چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و رۆژی شەممە، ١٨ی رێبەندان و پاش سێ رۆژ و واژۆی بەڵێننامەی بە نووسراوە، ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەم بارەوە وتی: ئارەزوو لە کاتی دەستبەسەرکران بە توندی کەوتۆتە بەر لێدان و کوتانی لێکۆڵەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە شێوەیەک کە ئاسەواری شین بوونەوە بە دەست و دەموچاویەوە دەبینرێت.

سەرچاوەکە هەروەها وتیشی، ئارەزوو مستەفایی پاش بەشداری لە بەرنامەی کاناڵەکانی " کوردکاناڵ"، " ئاریەین تی ڤی" و " ستێرک تی ڤی" بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و دەستبەسەر کراوە. ئیدارەی ئیتلاعات پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بە شێوەی نووسراو لە ناوبراو سەبارەت بەوەیکە ئیتر لە بەشداری لە بەرنامەی کاناڵە کوردییەکان خۆی ببوێرێ و سروودی نیشتمانی نەڵێتەوە، ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە سێ ساڵ پێش و کاتێ ئارەزوو لە پۆلی دووی ناوەندیدا بوو، بە هۆی خوێندنی سروودێک لە ژێر ناوی "وەتەن" لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ و بە شێوەی زارەکی بەڵێنییان لێ وەرگرتبوو کە چیدیکە لەم بوارەدا چالاکی نەبێ.

ئارەزوو مستەفایی لە دایکبووی ساڵی ٢٧٠٣( ٢٠٠٤) لە شاری مەریوانە و بە زمانەکانی کوردی و فارسی شێعر و چیرۆک دەنووسێ و ئێستا لە قۆناغی ئامادەیی سەرقاڵی خوێندنە.

دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە تەواوی نایاسایی و  پێشێلکرانی مافەکانی پشتیوانی سەبارەت بە شێوازی بانگ کردن و لێپرسینەوی منداڵی ژێر ١٨ ساڵ تەنانەت بە پێی یاسا نێوخۆییەکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە. بە سەرنجدان بە کەمیی تەمەن و نەبوونی هیچ چەشنە رێکاری یاسایی سەبارەت بە هێزە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان، بەرپرسایەتیی هەر چەشنە دەستبەسەرکرانی دووبارە یان رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لە ئەستۆی تەواویەتیی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێرانە.

شایانی باسە دەستبەسەرکرانی ئەو شاعیر لاوە کە حاڵێکدایە کە کۆتایی بەفرانباریش هێزە ئەمنییەتییەکانی بانە شاعیرێکی لاویان بە ناوی "تەرانە محەممەدی" لەم شارەدا رفاندبوو و هەڕەشەی زمان بڕینیان لێکردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە