کۆرنا بەندکراوێکی دیکە لە بەندیخانەی ئورمیە ئەستاند

هەنگاو: بەندکراوێکی بە ساڵاچووی بەندی سڵامەتی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٣:٣٥


هەنگاو: بەندکراوێکی بە ساڵاچووی بەندی سڵامەتی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لە دەست دا و بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە ٨ بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە کرۆناوە گیانیان لە دەست داوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی بەندی سڵامەتی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوی ”سەیفەدین بامرادی“ تەمەن ٦٥ ساڵ بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لە دەست داوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەیفەدین بامرادی هەموو هێماکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای هەبووە و شەوی ڕابردوو باری تەندروستی ناجێگیر بووە بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی کیشیکی بەندیخانە و درەنگ گەیاندنی بە بێهداری بەندیخانە، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەست داوە.


ئەو بەندکراوە کە خەڵکی ئورمیە لە سێ ساڵ پێشەوە بە هۆی کێشەی ماڵی دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە ٨ بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە کە ناسنامەی پێنج کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە