کۆرۆنا لە بەندیخانە/ ژنێک باری تەندروستی تێکچوو و بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە

هەنگاو: یەکێک لەو ژنانەی کە لە بەندیخانەی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو، بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

٢٦ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٩:٣٤


هەنگاو: یەکێک لەو ژنانەی کە لە بەندیخانەی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو، بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیمەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، دونیا پیری، یەکێک لەو بەندکراوانەی کە لە ناو بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.

دونیا پیری ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) لە گەڵ سێ ژنی دیکەی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا کە بە مەبەستی چارەسەریی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانەی ئورمیە کرابوون، بە هۆی ئەوەی کە تێچووی دەرمانەکەیان دابین نەکردووە، لە نەخۆشخانە وەرنەگیراون و بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە چارەسەرییەکیان بۆ بکرێت، گەڕێندراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

سێ ژنی دیکە بەناوەکانی موحەبەت مەحموودی، سیمین سەیدی و فاتمە میرابی لە ژوورێکی بەندیخانە ڕاگیراون.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، بەندی ١ی بەشێ ژنانی بەندیخانەی ئورمیە کە ٢٤ ژنی تێدا ڕاگیراوە بە تەواوەتی قەرەنتینە کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە