کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست دا.

١٤ بەفرانبار ٢٧١٨، ١٦:٤٠

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە (١٣ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ٣ی ژانویەی ٢٠١٨)، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ”یەعقووب نیک سیرەت“ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست دا.

یەعقووب (کامیان) نیک سیرەت کوڕێ ڕازق و خەڵکی گوندی جوجێهی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی پایگای بەردووک لە کاتێکدا تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە کە هیچ شت و مەکێکی پێ نەبووە.

ڕۆژی چوارشەممەش، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی بانە بە ناوی "سابیر موحسینی" کوڕێ عومەر، لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆفی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا،  ٧١ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە و ١٦٠ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە