کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵە لە ڕووباری سیروان خنکا

هەنگاو: کۆڵبەرێکی لاو لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود و کاتێک دەیهەویست لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران خۆی دەرباز بکات، خۆی خستە ناو ڕووبار

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٢١:٢٤


هەنگاو: کۆڵبەرێکی لاو لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود و کاتێک دەیهەویست لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران خۆی دەرباز بکات، خۆی خستە ناو ڕووباری سیروان و گیانی لە دەست دا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٦ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، پۆلێک کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود کەوتوونەتە بۆسە هێزە چەکدارەکانی ئێران و دوای ئەوەی کە ئەو هێزانە ویستوویانە کۆڵبەرەکان دەستبەسەر بکەن، چەند کۆڵبەر خۆیان خستووەتە ناو ڕووباری سیروان و یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.


هەواڵنێری هەنگاو لە شاری نۆدشە ناسنامەی ئۆ کۆڵبەرەی ”ئایەت یووسفی“ تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی زمکان سەر بە سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندووە.


یەکێک لە کۆڵبەرەکان لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نزیک پردی زەلتە بۆسەیان داناوە و دوای ئەوەی شوێن کۆڵبەرەکان کەوتوون هەتا دەستبەسەریان بکەن، چەند کۆڵبەر کۆڵەکانیان فڕێ داوە و خۆیان خستووەتە ناو ڕووباری سیروان کە لە ئاکامادا ئایەت گیانی لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە