٨ کەس بە تۆمەتی ئەندامەتی لە داعشدا حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕایەوە

هەنگاو: سەرۆکی دادگای شۆڕشی تاران رۆژی یەکشەمە هەواڵی سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ ٨ هاووڵاتی بڵاو کردەوە، کە بە "تیرۆریستی داعشی" ناوی هێنابوون.

٢٣ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٣:١٤

 

هەنگاو: سەرۆکی دادگای شۆڕشی تاران رۆژی یەکشەمە هەواڵی سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ ٨ هاووڵاتی بڵاو کردەوە، کە بە "تیرۆریستی داعشی" ناوی هێنابوون.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، مووسا غەزەنفەری سەرۆکی دادگای شۆڕشێ تاران رایگەیاندووە کە ٧ دانیشتن دادگا بۆ تۆمەتبارانی هێرش بۆ سەر بینای مەجلیسی ئێران بەڕێوەچوو، کە لە ماوەی کەمتر لە حەفتەیەکدا حوکمیان بۆ بڕایەوە.

ناوبراو رایگەیاندووە کە حوکمی ئەم کەسانە دەکرێ لە ماوەی ٢٠ رۆژدا لە دیوانی باڵای حکومەت تانەی لێ بدرێ و پێداچوونەوەی پێدا بکرێ و ئەگەر دۆسیەی ١٨ کەسەی دیکەی تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە لە دیوانی باڵا بگەرێتەوە، پێڕاگەیتشن بە تۆمەتەکانیان دەکرێ.

بینای مەجلیسی ئێران رێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ٩٦ هێرشیکی گوماناویی کرایە سەر و دەستبەجێ داعش ئەو هێرشەی بەئەستۆ گرت. لەو هێرشەدا  ١٧ کەس لە خەڵکی ئاسایی کوژران و ٥٠ کەسی دیکە بریندار بوون.

ماڵپەڕەکانی ئێران بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، تۆمەتی کڕینی و ڕاگرتنی چەکی سووک، نیمەقورس و قورسیان خستووەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە.

پارێزەرێکی کورد کە لە بە رهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لە لێدوانێکدا بۆ “هەنگاو؛ رایگەیاند، بە سەرنجدان بەوەیکە ئەنجامدەرانی هێرش بۆ سەر بینای مەجلیس کوژراون، بڕینەویە حوکمی سێدارە بۆ کەسانی دیکە بەو بیانوویە، نایاساییە.

هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشكرا نەکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی “هەنگاو”، ژمارەیەک لەو کەسانە هاووڵاتیانی کوردن.

بەپشت بەستن بە ئاماری  تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، پاش رووداوی گوماناویی هێرش بۆسەر مەجلیسی ئیسلامی، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە