گردبوونەوەی بنەماڵەی بەندکراوان لە پێش بەندیخانەی ئورمیە

هەنگاو: بنەماڵەی ژمارەیەک لە بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەپێش ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەتەوە و داوای ئازادی ڕۆڵەکانیان دەکەن.

١٢ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٠:٠٩

 

هەنگاو: بنەماڵەی ژمارەیەک لە بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەپێش ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەتەوە و داوای ئازادی ڕۆڵەکانیان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢ی مارسی ٢٠٢٠)، بنەماڵەی ژمارەیەک لە بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەپێش ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەتەوە و داوا دەکەن ڕۆڵەکانیان بە بارمتە ئازاد بکرێت.

بنەماڵەی یەکێک لەو بەندکراوانە وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ، ئێمە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا ناو بەندیخانە ترسی ئەوەمان هەیە کە بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست لە ناو بەندیخانە، ڕۆڵەکانمان تووشی ئەو پەتایە بن و هەر بەو هۆیەوە کۆ بووینەتەوە هەتا بە دانانی بارمتە ڕۆڵەکانمان لە بەندیخانە ببەینە دەرەوە.

هەنگاو پێشتر لە دوو ڕاپۆرتدا ڕایگەیاندبوو کە ٦ بەندکراوی تووشبوو بە پەتای کرۆنا لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئەو شارە کوازراونەتەوە کە یەکێکیان بە ناوی ”فەریق محەمەدی“ گیانی لە دەست داوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە