گرووپێکی سەلەفی لە شاری سنە هێرشیان کردە سەر دووکانێک و دوو کەسیان بریندار کرد

هەنگاو: گرووپێک لە سەلەفییەکانی شاری سنە بۆ دووهەم جار لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا هێرشیان کردە سەر دو

٤ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٥:١١

 

هەنگاو: گرووپێک لە سەلەفییەکانی شاری سنە بۆ دووهەم جار لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا هێرشیان کردە سەر دووکانێک و دوو کەسیان بە سەختی بریندار کرد.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣:١٥ شەوی شەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٥ی جولای ٢٠٢١)، گرووپێک لە سەلەفییەکانی سنە، لە سێ ڕێیانی بێهداشتی شارۆچکەی حەسەن ئاوا، بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردە سەر دووکانێک و  دوو برایان بە سەختی بریندار کردووە کە خاوەنی ئەو دووکانە بوون.

شایەتحاڵێک لەمبارەیەوە بە هەنگاوی راگەیاند: حەوت کەس لە سەلەفییەکان، بە دوو ئوتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر دووکانەکە و ئەو دوو برایەی بریندار کراون لە ڕێگای خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی ١١٥وە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند دوو کەس لە کوڕەکانی مەلا مەسعوود عەبدوڵلاهی، پێشنوێژی  پێشووی حسێن ئاوا بە ناوەکانی ناسیح و موسلیح لە نێو هێرشبەرەکاندا بوون.

بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، سەلەفییەکان لە ڕۆژانی رابردوودا ئەوە دووهەم جارە بە بیانووی ئەوەی یەکێک لە خاوەن دووکانەکان کفری کردووە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو دووکانە وئەگەرچی بنکەیەکی سوپای پاسداران تەنیا سێسەد میتر لە شوێنی رووداوەکە دوورە بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو سەلەفییانە نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە