گواستنەوەی سێ بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە

هەنگاو: سێ بەندکراوی مەزهەبی کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

١١ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٤:٤٤

 

هەنگاو: سێ بەندکراوی مەزهەبی کە  هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی شەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩)، سێ کەس لە بەندکراوانی بەندی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بە ناوەکانی “مەنسور دودکانلوو میلان”،  “ئەکبەر ڕەشیدی” و “رەسووڵ ڕەشیدی” بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرانەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاووڵاتییە کورد و خەڵکی شاری سەڵماسن کە هاوینی ئەمساڵ بە تۆمەی چالاکی مەزهەبی و ئەندامەتی لە گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان دەستبەسەر کرابوون و تا ئێستا بە بێ ڕوون بوونەوەی چارەنوسیان لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە.  ئەکبەر ڕەشیدی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١٤ی ژوئیەی ٢٠١٩)، رەسووڵ ڕەشیدی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) و مەنسوور دودکانلوو میلان ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەڵماس دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە میدیایی نەبووەتە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە