گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی کاوە وەیسانی

هەنگاو: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکانی حکومت چوونەتە ماڵ کاوە وەیسان

١٠ بەفرانبار ٢٧١٩، ٠٠:٣٦

 

هەنگاو: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکانی حکومت چوونەتە ماڵ کاوە وەیسانی یەکێک لە گیانبەختکردوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، و گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی کە دەبێت لە وتوێژێکی تەلەویزیۆنیدا بەشداری بکەن. بەپێی ئەو زانیاریانە کە هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی وەیسانی دەستی خستووە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە داوایان لە بنەماڵەی کاوە کردووە کە حیزبە کوردستانییەکان وەکوو بکوژی ڕۆڵەکەیان بناسێنن.

تەرمی کاوە وەیسانی کە لە دووهەم ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز (٧ی دێسامبر) لە نزیک سنە و لەکاتێکدا ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بوو، دۆزرایەوە.

هەمان ڕۆژ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بنەماڵەی کاوە وەیسانییان ڕاگەیاندبوو کە : “ئێمە کاوەمان ئازاد کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن کەسانێکی دیکەوە کوژرابێت”. هەر لەو پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی ئاکام نیوز نزیک لە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێڕان ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکدا کوژرانی کاوە وەیسانی خستبووە ئەستۆی هێزە کوردستانییەکان.

کاوە وەیسانی تەمەن ٣٠ ساڵ ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە و بە وتەی شایەتحاڵەکان ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر لە گۆڕەپانی نبوەتی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو. لە کاتی دەستبەسەر بوونی کاوە سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی و سەردانی سەردۆزگەری شاری سنە و ناوەندە ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەکیان لە سەر ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی بە بنەماڵەکەی نەداوە.

بە پێی یاسا نیوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و لەسەرووی هەموویانەوە ماددەی ٧ی دادڕەسی تاوانەکان پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاو، ڕەچاوکردنی مافی هاووڵاتی بوون بابەتی تەک مادەی ڕیزگرتن لە ئازادییە ڕەواکان و پاراستنی مافی شارۆمەندی لە هەموو قۆناغەکانی دادڕەسی لەلایەن بەرپرسانی دادوەری و هێزە ئەمنییەکانەوە زۆرەملییە. یاسادانەر تەنانەت تەنانەت پێشێلکردنی ئەومافانە وەکوو مافی وەرگرتنی پارێزەر، مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و هەرچەشنە ئەشکەنجەیەکی وەکوو تاوان ناساندووە.

سەرەڕای هەموو ئەم یاسایانە، لە کەیسی دەستبەسەر کرانی کاوە وەیسانی چەندین سەرپێچی یاسایی لەلایەن محەمەد جەباری، سەردۆزگەری شاری سنەوە ئەنجام دراوە. بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی ئەو یاسایە، سەردۆزگەر لە شێونی ڕاگیران و شێوازی ڕاگیرانی کاوە وەیسانی ئاگادار بووە و ئەرکی چاوەدێری بەر هێزە ئەمنییەکانی لە ئەستۆدایە.

بە سەرنجدان بەو خاڵانەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین کە سەردۆزگەری سنە بەرانبەر بە ئەشکەنجە و کوژرانی کاوە وەیسانی بەرپرسیارە و لەئێستادا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەمنیەتی و گیانی بنەماڵەی وەیسانی لە ئەستۆی ئەودایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە