گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر سێ چالاکی خەڵکی دێولان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە سێ چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولانی کە ئەندامی یەک خێزانن خستووەتە ژێر گوشارەوە هەتا دان بە پەیوەندی خۆیا

٢٣ ڕێبەندان ٢٧١٩، ٠٧:٥٣

 

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە سێ چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولانی کە ئەندامی یەک خێزانن خستووەتە ژێر گوشارەوە هەتا دان بە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی بنێن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی یەک مانگ لە دەستبەسەر کردنی سێ چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان بە ناوەکانی ”ئازاد عەباسی“، ”سیرووس عەباسی“ و هاوژینەکەی بە ناوی ”فریدە ویسی“ هێشتا دەستبەسەرن و ناوەندە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ گوشاریان خستووەتە سەریان.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی عەباسی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو سێ چالاکە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە و تەنیا یەک جار توانیویانە کە چاویان پێیان بکەوێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سێ هاووڵاتییە ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لە ژیر گوشاردان هەتا دان بە هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت بنێن.

فەریدە وەیسی کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبووە ئەو تۆمەتانی بێ بنەما لە قەڵەم داوە و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ڕەد کردووەتەوە. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەیانیان داوە و گوشاریان خستووەتە سەریان.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، ناوەندە ئەمنییەکان بێ ڕێزییان بە بنەماڵەی ئەو سێ کەسە کردووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پەیگیری چارەنووسی ڕۆڵەکانتان بن ئەوا دەستبەسەر دەکرێن.

 هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری دێولان ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٤ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هێرشان  کردە سەر ناوەندی فێرکاریی “زانست” و سیروس عەباسی و هاوژینەکەیان بە ناوی فەریدە وەیسی دەسبەسەر کردووە.

یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە لە نزیکەوە ئاگای لەو کردەوەیەی هێزەکانی ئیدارەی ئتلاعات بووە لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، زیاتر لە بیست کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان ڕژاونەتە ناو ناوەندە فێرکارییەکە و ئەو دوو چالاکە مەدەنییەیان لەبەر چاوی تاقە کچەکەیانەو کە پۆلی چوارەمی سەرەتاییە دەستبەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئازاد عەباسی کە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی برا و براژنەکەی هەمان ڕۆژ سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانی کردبوو دەستبەسەر کرا.

ئازاد عەباسی ٤ ساڵ پێش کەمۆەینی ڕزگار کردنی “کانی بڵ”ی دامەزراند و یەکێک لەو کەسانە بوو ک بۆ رزگار کردنی ئەو کانییە مانی لەخواردن گرت. ناوبراو هەروەها دامەزرێنەری ئەنجومەنی شەیدای سەوزی دێولانە و بە هۆی چالاکی لە کەناڵی “ژینگەیار” کە تایبەت بوو بە پرسی پشتیوانی لە ئەسبی کۆڵبەران و سەگی سەر شەقامەکان، ٣ ساڵ پێش خەڵاتی “ورچی قاوەیی” لە مەعسوومە ءیبتکار، وەزیری بێهداشت و دەرمانی ئێران وەرگرت.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە