گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیان بەختکردووەکانی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد

بنەماڵە و کەسوکاری فریشتە ئەحمەدی، یەکێک گیان بەختکردووەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییانەی شاری مەهاباد، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سوپا

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٢٣:١٨


هەنگاو: چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی


بنەماڵە و کەسوکاری فریشتە ئەحمەدی، یەکێک گیان بەختکردووەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییانەی شاری مەهاباد، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت کراون و لەژێر گوشار و هەڕەشەدان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پاش ئەوەی ئیبراهیم ئەحمەدی، برای گیانبەختکردوو فریشتە ئەحمەدی، پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمار و بڵاو کردەوە و لە پەیامەدا بانگەشە چەواشەکارانەکانی بەرپرسانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردەوە، ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.

پێشتر ئیبراهیم ئەحمەدی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وابێژی و چەواشەکارییەکانی ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ئورمیەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی ئەحمەدی سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە و گومانیان لەوەدا نییە کە کچەکەیان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کراوە".

ناسر عەتەباتی ڕۆژی ڕابردوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە: لە ناو ماڵەوە تەقە لە فریشتە کراوە و لەسەر کەیسەکەی پەروەندەی سزا دروست کراوە.

فریشتە ئەحمەدی، ٣٢ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت، سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و لە کاتێکدا لە سەربانی ماڵەکەی خۆیانەوە بوو، لەلایە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێ کرا و گیانی لەدەست دا.

تەرمی ئەو گیانبەختکردووەی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری مەهاباد، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە بە خاک ئەسپێردارا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە