گیان لە دەست دانی دوو ژن بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی لە کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ژنیکی دووگیان لە سنە و ژنێکی دیکە لە پیرانشار بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.

١٢ جۆزەردان ٢٧١٩، ١٣:١٥

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ژنیکی دووگیان لە سنە و ژنێکی دیکە لە پیرانشار بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە (٩ی جۆزەردانی ٢٧١٩/ ٣٠ مەی ٢٠١٩) ژنیکی دووگیان لە نەخۆشخانەی “بعث”ی شاری سنە، بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی گیانی لەدەست دا.

هەواڵدەڕیی فارس ناسنامەی ئەو ژنەی”ک . ز” ڕاگەیاندووە و دەڵێت ئەو ژنە دووگیان بووە و کۆرپەکەی دوو مانگان بووە.

ئەو ژنە تەمەن ٣٣ ساڵانە بە هۆی تووشبوون بە هەڵامەت سەردانی نەخۆشخانەی کردوە و بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژنێکی لاوی خەڵکی پیرانشار بە ناوی زوڵەیخا سەرشین، دوای ئەوەی مێردەکەی دەیگەیێنێتە نەخۆشخانەی پیرانشار، نەخۆشخانە وەری ناگرن و بە وتەی مێردەکەی تەنانەت لە پێدانی ئامبۆڵانس و فریاگوزاری سەرەتایش خۆیان بواردووە و هاوکاری گەیاندنی بۆ شاری مەهاباد نەبوون.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو، ئەو ژنە بە ئۆتۆمبیلی سواری گوازراوەتەوە بۆ شاری مەهاباد و پیش لە گەیشتن بە نەخۆشخانە تووشی جەڵتەی مێشک و راوەستانی مێشک بووە، و دوای ئەوەی کە چەند ڕۆژ لە حاڵەتی کۆمادا بووە، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی جۆزەردان گیانی لەدەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە