٢١٪ی ئەو کچانەی کەلە سنە مێردیان کردووە، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە

٢١٪ی ئەو کچانەی کەلە سنە مێردیان کردووە، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە

16:17 - 18 August 2018

 

هەنگاو: بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانیی سنە، لە ماوەی چوار مانگدا نزیکەی ١٠٠٠ کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بە مێرد دراون.

لەمبارەوە حەسەن زوومی، بەڕێوەبەری بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری باری شارستانیی سنە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، لە کۆی چوار هەزار و ٥٢٠ حاڵەتی هاوسەرگیری لە پارێزگای سنە لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا، ٩٧٠ حاڵەتی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کە دەکاتە ٢١٪  و لەناو پیاوانیشدا ٣٦ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەڕای چالاکانی بواری منداڵان، هەژاری و گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها پەراوێزنشینیی شارەکان، لە هۆکارەکانی زوو بە مێرددانی کچانە.

 زۆربەی ئەو حاڵەتانە لەژێر گوشاری بنەماڵەکاندا ڕوو دەدات، کە سەرەنجام دەبێتە هۆکاری کێشەی بنەماڵەیی، خۆکوشتن، جیابوونەوە و چەندین دیاردەی دیکەی وەک بێکاری، خەمۆکی و تووشبوونی تاکەکان بە مادە هۆشبەرەکان.

کۆمیتەی بەرگری لە مافی منداڵانی سەر ەب نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی 2015 داوای لە دەوڵەتی ئێران کردووە کە گۆڕان بەسەر یاساکانی سزادان، هەروەها یاساکانی پەیوەندیدار بە زەماوەندی کچاندا بهێنێ، داوایەک کە هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ساڵانە لەو وڵاتە بە هەزاران حاڵەتی زوو بەشوودانی کچان تۆمار دەکرێت.