٢٤٪ی ئەو کەسانەی کە لە شەش مانگی ڕابردوو لە وڵاتی ئێران لەسێدارە دراون، هاووڵاتیی کورد بوون

هەنگاو: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینی لانیکەم حوکمی سێدارەی ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەمەش دەکاتە ٢

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٥:١٦


هەنگاو: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینی لانیکەم حوکمی سێدارەی ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەمەش دەکاتە ٢٤٪ی کۆی ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا لە هەموو ئێران لەسێدارە دراون.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، حوکمی سێدارەی لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە، لەو ماوەیەدا لە هەموو ئێران ١٢٣ کەس لەسێدارە دراون. بە بەراوەرد کردنی ئاماری ئەو دوو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە بەو ئاکامە دەگەین کە زیاتر لە ٢٤٪ی هەموو ئەو کەسانەی کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە ئێران لەسێدارە دراون هاووڵاتیی کورد بوون.


لە کۆی ئەو ٣٠ هاووڵاتییە کوردەی کە لەسێدارە دراون ٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٢ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ٢٦ کەسیان بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست لەسێدارە دراون.


هەروەها، دوو کەسیان لە کاتی ئەنجامدانی تاوان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و لە بەندیخانەکانی ئورمیە و سەقز لەسێدارە دراون.


هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لە پیش چاوی ژمارەیەک بنەماڵەی ئەندامانی سپای پاسداران گوللەباران کراوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کەس بەم شێوەیە ئێعدام نەکراوە و دەتوانێ دەستپێکێک بێت بۆ سەرلەنوێ گوللەباران کردنی چالاکانی سیاسی بەتایبەت لە ئێران.


زۆربەی ئەو کەسانەی لە لەسێدارە دراون خەڵکی پارێزگاکانی ئورمیە و سنە بوون کە هەرکامیان ٩ حاڵەت بووە و لە پارێزگای کرماشان ٧ حاڵەت و لە پارێزگای لوڕستانیش ٥ حاڵەت تۆمار کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە