یازدە کەس لە خۆپێشاندەرانی سنە و کرماشان دەستبەسەر کراون

هەنگاو: لە یەکەم ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری شارەکانی سنە و کرماشان لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

٢٣ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٢:١٤

 

هەنگاو: لە یەکەم ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری شارەکانی سنە و کرماشان لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، لە کاتی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی سنە بە نیسبەت شەرمەزار کردنی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لەلایەن سپا پاسدارانەوە، هێزە ئەمنیەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر خەڵک و بە باتۆم لە خەڵکیان داوە.

ئەو ویدیۆیانەی کە بە دەست هەنگاو گەیشتووە ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکانی شەشی بەهمەن و تەوحید لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان کچ بووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی یەکێکیان کە لە شەقامی تەوحید دەستبەسەر کراوە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

هەواڵنێری هەنگاو ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە دەستەبسەر رکاوەی ”فۆفیق قەلەکوویی“ تەمەن ٢٣ ساڵ ڕاگەیاندووە کە چارەنووسی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە کرماشانەوە بۆ هەنگاو نێردراوە، لانیکەم ٤ هاووڵاتی لە کرماشان دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی "سەلاح غەریبی" ، ”سیاوەش حەیاتی“ و "نەبی تەڕدەست" بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. ئەو سێ کەسە خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە