ئیبراهیم تاریمورادی چالاکی سیاسی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا

ئیبراهیم تاریمورادی چالاکی سیاسی خەڵکی سنە کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەری حکومەتی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو،

١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٢:١٤

 

هەنگاو: یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

ئیبراهیم تاریمورادی چالاکی سیاسی خەڵکی سنە کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەری حکومەتی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای بانگ کران بۆ لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.


ئیبراهیم تاریمورادی هاووڵاتی تەمەن ٥٧ ساڵی خەڵکی گوندی هەمڕۆڵە سەر بە شاری سنە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت» لە ڕێگەی هاوکاری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای یەک ساڵ بەندکران و پێ بژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەنی بەسەدا سەپێندرا.

شایانی باسە ئەم سزایە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران و پێ بژاردنی ١٠ ملیۆن تمەن کەم کرایەوە.

ئیبراهیم تاریمورادی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢١ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو ئیبراهیم تاریمورادی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە، مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر و هەروەها دیتنی بنەماڵەی نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە