ئیتلاعات بەڕێوەبەرانی کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانە بانگ و هەڕەشەیان لێ دەکات

هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی چەن رۆژ لە دانانی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لورستان لە ژێر ناوی زاگرۆس چاوەڕێمانە، ئیدارەی ئیتلاعات لە،.

٢٠ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١١:٠٥

 

هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی چەن رۆژ لە دانانی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لورستان لە ژێر ناوی زاگرۆس چاوەڕێمانە، ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی کوردستان، دەستی داوەتە بانگ کردن و هەڕەشە لە ئەندامانی ئەو کەمپەینانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا  ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی شنۆ، مەهاباد، بۆکان و سەقز چەندین ئەندامی  کەمپەینی”زاگرۆس  چاوەڕێمانە” یان بانگ و هەرەشەیانی لێ کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات ئەو کەمپەینەی سەربە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران لە قەڵەم داوە و داوای کردووە کە کۆتایی بە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی لوڕستان بێنن.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، خەڵکی کوردستان یارمەتیەکانی خۆیان نادەنە دەست لایەنە حکومەتیەکان، هەر بۆیە ناوەندە مەدەنیەکان ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە، ئەو کارە بووتە هۆی ئەوەی ئیتلاعات داوای کۆتایی هێنان بکات.

یەکێک لە چالاکنی مەدەنی کوردستان لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “خەڵکی کوردستان متمانەیان بە ناوندە حکومەتیەکان نیە و نایانهەوێ یارمەتیەکانی خۆیان بدەنە دەست حکوومەت، ئەوان لەو بڕوایەدان کە یارمەتیەکان لە ڕێگەی حکومەتەوە ناگاتە دەستی خەڵکی لوڕستان”.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای لافاوێکی بەهێز و ماڵوێرانکەر کە بەشێك لە شارەکانی کرماشان، لوڕستان، ئیلام، هەمەدان و باشوری ئێرانی گرتەوە، ئەنجومەنە مەدەنیەکانی کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتیەکانی خەڵکیان بۆ لێقەوماوان داو و کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی “ زاگرۆس چاوەڕێمانە” یان ڕاگەیاند کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە