ئیتلاعاتی میاندواو سێ هاووڵاتیی کوردی دایە بەر دەستڕێژی گووللە

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو سەر بە پارێزگای ئورمیە چوار هاووڵاتیی کوردیان کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلیکی جۆری پراید بوون دایە بەر دەستڕێژی گوللە و ل

٢٢ پووشپەڕ ٢٧١٨، ١٥:٥٤

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو سەر بە پارێزگای ئورمیە چوار هاووڵاتیی کوردیان کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلیکی جۆری پراید بوون دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا سێ کەسیان گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“ شەوی پێنج شەممە (٢١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ١٢ی ژوئیەی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید کردووە و لەئەنجامدا سێ کەس لە سەرنشینەکانی پرایدەکە گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری بۆکان ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئیتلاعاتی میاندوا کە لە پشتی تویتایەکی جۆری نیسان بوون لە پرایدەکە نزیک بوونەتەوە کە لە میاندواوە بەرو بۆکان ڕۆشتووە و سەرنشینەکانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوولە.

بە وتەی دانیشتوانی ناوچەکە، سێ کەس لە سەرنشینەکانی ئەو پرایدە گیانیان لە دەست داوە و چارەنووسی کەسی چوارەم نادیارە. هێندێک دەڵێن کە کەسی چوارەم دەستبەسەر کراوە و هێندێکیش باس لەوە دەکەن کە توانیویە خۆی دەرباز بکات.

ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی کە بە هۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی ئیتلاعات گیانی لە دەست داوە ”هەژار ڕەزایی“ کوڕی مەولوود و دانیطشووی گوندی ”قەڵای هۆلاکۆی“ سەر بە شاری بۆکان ڕاگەیندراوە و هەەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی دوو کەسی دیکە نەزانراوە.

سەرچاوەیەکی خۆجێی بە هەواڵنێری ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە دوای ئەو ڕووداوە لانکرۆزێریک و سەمەندێک کە ئەندامانی ئیتلاعاتی تێدابوون هاتوونەتە شوێنی تێکهەڵچوونەکە و تەرمی ئەو سێ کەسەیان گواستوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە سەرنشینەکانی ئەو پرایدە ئەندام و لایەنگری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران بوون، بەڵام هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، نە میدیاکانی نزیک لە حکومەت و نە میدیاکانی نزیک لە حیزبە کوردییەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو تێکهەڵچوونە بڵاو نەکردووەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە