ئیتلاعاتی ڕوانسەر هەڕەشەی کوشتن لە ژنێکی ڕۆژنامەنووس دەکات

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان برای ژنە ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی بانگ کردووە و هەڕەشە

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٩:٢٢

 

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان برای ژنە ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی بانگ کردووە و هەڕەشەی کوشتنی ئەو ژنە و هاوژینەکەی لێیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووا ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕوانسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی بە ناوی بێهرووز محەمەدی بانگ کردووە و وێڕای لێپرسینەوە لە ناوبراو هەڕەشەی کوشتنیان لە خۆشکی ئەم هاووڵاتییه کە لە هەرێمی کوردستان دادەنیشێت و کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، کردووە.

شەهلا محەمەدی خۆشکی بێهرووز لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: “هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات چەندین وێنەی خۆم، هاوژینەکەم و منداڵەکانمیان پیشانی براکەم داوە و لە سەر شوێنی کار و نیشتەجێبوونی ئێمە هێندیک زانیارییان داوە و پێیان وتووە کە بە زوویی تەرمەکانیان دەگەڕێنینەوە بۆتان”.

ناوبراو لە درێژەدا وتی کە خۆم و خێزانەکەم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەمان لێکراە.

شەهلا محەمەدی خەڵکی شاری ڕوانسەرە کە لە ساڵی ٢٠١١ وەکوو پەنابەری سیاسی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەوێ کاری میدایی و ڕۆژنامەنووسی دەکات.

ناوبراو دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سولەیمانییە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە چەندین میدیا وەکوو “ژن تی وی” و “ماڵپەڕی ژنها”  چالاکی هەبووە.

جێگای ئاماژەیە کە محەمەد سدیقی هاوژینی ناوبراویش نزیکەی دوو دەیەیە وەکوو پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژیت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە