ئیدارەی ئیتلاعات مامۆستایەکی کوردی کوشت + وێنە

هەنگاو: مامۆستایەکی قوتابخانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە کوژراوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە کە نابێت بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بکەن.

٢ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٠:٢٣

 

هەنگاو: مامۆستایەکی قوتابخانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە کوژراوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە کە نابێت بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی (٣١ی خەرمانانی ٢٧١٨ / ٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٨)، تەرمی مامۆستایەکی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی سنە بە ناوی ”فەرزاد وەزیری“ لەماڵی باوکی دۆزراوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی وەزیری لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە تەرمی فەرزاد کاتێک باوک و دایکی لە ماڵەوە نەبوون دۆزراوەتەوە و پزیشکی دادوەری سنەش ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لەڕێگای خواردنی حەبی سیانوور خۆی کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە فەرزاد وەزیری لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی پۆستێکی فەیسبووکییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و هەروەها لە دوایین ڕۆژەکانی هاوین بەناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ئەمساڵ دەبێ کە یەکێک لە گوندە دوورەدەستەکانی شاری بیجاڕ وانە بڵێتەوە.

ئەوە بنەماڵەی وەزیری تووشی شک و گومان کردووە ئەو نامەیە کە کە بە خەتی فەرزاد نووسراوە. لەو نامەیەدا هاتووە کە ” من هیچ کێشەیەکم نەبووە و تەنیا لە ژیان ماندوو بووم، بە هیچ شێوەیەک بەدواداچوون بۆ کەیسی خۆکوشتنی من نەکەن“.

ئەو سەرچاوەیە کە نزیکە لە بنەماڵەی وەزیری وتی کە ئەندامانی بنەماڵەی وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئیدارەی ئیتلاعات بە زۆر ئەو نامەیان پێ نووسیوە و دواتر کوشتوویانە.

هەروەها ئیدارەی ئیتلاعات بە باوک و دایکی ئەو مامۆستا کوردەیان وتووە کە ئەگەر دەتانهەوێ منداڵەکانی دیکەتان تووشی کێشە نەبن ئەوە واز لە بەدواداچوونی کەیسی خۆکوشتنی کوڕەکەیان بێنن.

فەرزاد وەزیری تەمەن ٢٨ ساڵ، خاوەن بڕوانامەی ماستەر و هەروەها سەڵت بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە