ئیدریس کەسرەوی حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە نزیک بە سی مانگ پێش دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

٢٨ گەلاوێژ ٢٧١٩، ٢٢:٢٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە نزیک بە سی مانگ پێش دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیدریس کەسرەوی هاووڵاتیی خەڵکی پیرنشار لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەمیر فەراسەت، حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئیدریس کەسرەوی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی حکوومەت بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور بە یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان لە ئێراندا، زیاترین حوکم جێبەجێ دەکرێت و بەو پێیە تەنیا حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانەکە جێبەجێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئیدریس کەسرەوی تانەی لەو بڕیارە داوە و پەروەندەکە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە کراوە.

سەید ئیدریس کەسرەوی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧١٩(٣ی ژوئەنی ٢٠١٩) دوای بانگهێشت کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە