یوسف بوداک بەندکراوی خەڵکی دیاربەکر لە بەندیخانەی کرماشان ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی دیاربەکر، لە کاتێکدا ٧ ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی مابوو، ئازاد کرا.

١٣ ڕێبەندان ٢٧١٨، ١٨:٥٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی دیاربەکر، لە کاتێکدا ٧ ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی مابوو، ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ”یوسف بوداک“ بەندکراوی سیاسی خەڵکی دیاربەکر، دوای سێ ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان بە فەرمانی دەزگای دادوەری و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە، ئازاد کراوە.

یوسف بوداک کە گریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوو، سێ ساڵ پێش و دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نزیک جوانڕۆ و لە کاتێکدا کە بریندار کرابوو، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بە دیل گیرابوو.

ئەو هاووڵاتیەی خەڵکی دیاربەکر دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کرماشانەوە حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشانەوە وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، کە یوسف حەفتەی ڕابردوو ماڵئاوایی لە هاوبەندییەکانی کردووە و پێیانی وتووە کە بە پێی ڕێکەوتنێک کە کراوە من ڕادەستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک ) دەکرێمەوە.

هەنگاو دوای ئەوەی یوسف لە بەندیخانە چووەتە دەرەوە هیچ زانیارییەکی لە سەر چارەنووسی ناوبراو نیە و نازانێت کە ئایا گەڕاوەتەوە بۆ نێو ریزەکانی پ ک ک و یان ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە