یەکێک لە مامەکانی شایان سەعیدپوور دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز یەکێک لە مامەکانی شایان سەعیدپوور، ئەو لاوەی کە بڕیاری حوکمی سێدارەکەی جێبەجێ بکرێت، دەستبەسەر کرد.

١ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٧:٠٤


هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز یەکێک لە مامەکانی شایان سەعیدپوور، ئەو لاوەی کە بڕیاری حوکمی سێدارەکەی جێبەجێ بکرێت، دەستبەسەر کرد.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز ”سالار سەعیدپوور“ مامی شایان سەعیدپوور، مەحکووم بە سێدارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سەعیدپوور لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکان سالاریان بە بارمتە گرتووە هەتا پێش بە کۆبوونەوەی خۆڕسکی چالاکانی مەدەنی بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوە و لیخۆشبوونی شایان بگرن.


ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە بنەماڵەی شایان بڕیارە کاتژمێر ١ی نیمەڕۆ دوایین چاوپێکەوتنی خۆیان لە گەڵ ناوبراو لە بەندیخانەی سنە ئەنجام بدەن.


شەوی ڕابردوو بە شێک لە چالاکانی مەدەنی سەقز گردبوونەوەیکیان ڕێکخستبوو و بڕیارە ئەمڕۆش دیسان بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە، کۆ ببنەوە.


یەکێکی دیکە لە مامەکانی شایان لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە: ”دایکی کوژراوەکە ڕەزایەتی داوە و باوکیشی وتوویە کە لە دواهەمین ساتەکان بڕیاری خۆم دەدەم“.


هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە بڕیارە حوکمی سێدارەی شایان سەعیدپوور ڕۆژی سێشەممە جێبەجێ بکرێت.


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە