یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی مانگی خەزەڵوەری کرماشان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی بەخت کرد

هەنگاو: لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری کرماشان گیانی لەدەستدا.

٢٣ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢١:١٠

 

هەنگاو: لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری کرماشان گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەرمی نادر ڕەزایی ئابتاف، پاش گیان لەدەستدان لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێراندا لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٩ی دێسامبری ٢٠١٩) ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بە خاک سپێردراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، نادر ڕەزایی ڕێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەر هاوکات لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران و کوردستان بە نیسبەت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، لە گەڕەکی جافراوای کرماشان دەستبەسەر کرابوو و پاش دەستبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نەبوو.

لانیکەم سێ کەس لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەزایی دەستبەسەرکران و دواتریش گیانلەدەستدانی نادر ڕەزاییان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی حکوومەتی ئێراندا بۆ هەنگاو پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەو کەسانە جەختیشاین کردووەتەوە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت بنەماڵەی نادر ڕەزاییان خستووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەیان لێ کردوون کە بە هیچ شێوەیەک گیانلەدەستدانی نادر بە میدیایی نەکەنەوە و لەو بارەوە هیچ چەشنە لێدوانێک بۆ میدیاکان نەدەن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە