ئێران کوردستانی میلیتاریزە کردووە و سنوورەکان تۆپباران دەکات + وێنە و ئامار

هەنگاو: دوای تێکەڵچوونی چەکدارانەی چەند ڕۆژ پێش لە پیرانشار، حکومەتی ئێران بە ڕەوانە کردنی هێز و کەرەستەی شەڕ شارە سنوورییەکانی کور.

٥ پووشپەڕ ٢٧١٨، ١٩:٣١

 

هەنگاو: دوای تێکەڵچوونی چەکدارانەی چەند ڕۆژ پێش لە پیرانشار، حکومەتی ئێران بە ڕەوانە کردنی هێز و کەرەستەی شەڕ شارە سنوورییەکانی کوردستانی بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، ئەمڕۆش وەک چەند ڕؤژی ڕابردوو حکومەتی ئێران چەندین دەزگا تانگ و هەروەها چەک و چۆڵی قورس و نیوە قورسی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی شنۆ، پیرانشار و سەردەشت کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، تۆپخانەکانی ئێران شەوی ڕابردوو و ئەمڕۆش چەندین جار ناوچە سنووری و کوێستانییەکانی کێلەشین و حاجی عومەرانیان لە شنۆ و پیرانشار تۆپباران کردووە.

میلیتاریزە کردنی کوردستان دوای تێکەڵچوونی چەکدارانەی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە (٣ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ٢٤ی ژوئەنی ٢٠١٨) لە ناوچەی کۆنەلاجان و زیویەی پیرانشار پەرەی سەندووە.

ئەو تێکەڵچوونە لە نیوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتە ئاراوە. ماڵپەڕە حکومەتییەکان ڕایان گەیاندووە کە لە ئاکامی ئەو تێکەڵچوونەدا ٤ پێشمەرگە گیانیان لە دەست داوە و دوو چەکداری ئێرانیش کوژراون و بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە لەو تێکەڵچوونەدا پێشمەرگەیەک گیانی لە دەست داوە و چەندین چەکداری ئێرانیش کوژراون و بریندار بوون.

شایەتحاڵێک کە ئەو شەڕەی لە نزیکەوە بینیوە لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە لە دوای تێکەڵچوونەکە پێشمەرگەیەک گیانی لە دەست داوە و ٧ چەکداری ئێرانیش کوژراون.

ئەو شایەتحاڵە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت وتی : ”ئێمە تەرمی ٧ چەکداری ئێرانمان گواستوەتەوە و ئیدارەی ئیتلاعات هەر لەو شوێنە مۆبایلەکانی ئێمەی وەر گرتووە و هەموو وێنە و ڤیدۆکانی ناو موبایلەکانی سڕییەتەوە“. بە وتەی ناوبراو تەرمی ئەو پێشمەرگەیەش کە گیانی لە دەست داوە کەوتووەتە دەستی هێزەکانی ئێران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە