ئەشکەنجەی بەندکراوێکی سیاسی کورد لە بەندیخانەی سەقز

هه نگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ئەو شارەوە ئەشکەنجە دراوە و ئیزن

٢٢ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٣:٣٣

 

هه نگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ئەو شارەوە ئەشکەنجە دراوە و ئیزن نادرێت کە بیگوازنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی سەقز بەندکراوێکی سیاسییان بە ناوی “ئەمین مەلەکی” بە سەختی ئەشکەنجە کراوە بە جۆرێک کە هەر دوو گورچیلەکەی بە سەختی ئازاریان پێ گەیشتووە و توانای جووڵەی نیە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەلەکی وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە: “سەرباری ئەوەی کە دۆخی جەستەیی ئەمین مەلەکی ناجێگیرە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە ئیزن نادەن کە بگوازرێتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و بەپەرۆش بوونی بنەماڵەکەی”.

ئەمین مەلەکی تەمەن ٥٦ ساڵ پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی ئەماننامەی لە ئیدارەی ئیتلاعات وەرگرتبوو، گەڕابوویەوە بۆ شاری سەقز. ناوبراو دوای گەڕانەوە دەستبەسەر و پاش پێنج مانگ دەستبەسەرکران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و سەقز بە بارمتە ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواجار ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (١٨ی مارسی ٢٠٢١) لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاو و هەر ئەو ڕۆژە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەمین مەلەکی ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢) لەلایەن  دادگای سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حدک سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای یەکساڵ بەندکران کاتێک چووبووە مرەخەسی، ئێرانی بەجێهێشتبوو و ئێستا لە بەر دۆسیەی ١٠ ساڵ پێشی لە بەندیخانەیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە