ئەشکەنجەی ڕۆژنامەنووسێکی مەریوانی لە بەندیخانە و دابەزینی ١٠ کیلۆ لە کێشی لەشی

هەنگاو:رۆژنامەنووسێکی خەڵکی مەریوان کە ماوەیەک پێش دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.

٣٠ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٤:١٨

 

هەنگاو:رۆژنامەنووسێکی خەڵکی مەریوان کە ماوەیەک پێش دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رزگار کەریمی، رۆژنامەنووسی کوردپرس و رێپۆرتێری فەرمانداری مەریوان لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە تۆمەتی خراوەتە پاڵ و دوای  یەک حەفتە لەدەستبەسەرکرانی، ڕۆژی هەینی (١٧ی ڕەزبەر/ ١٩ی ئۆکتۆبر) بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملوێنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دادگا تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێرانی خستووەتە پاڵ ئەو رۆژنامەنووسە کوردە.

یەکێک لە نزیکانی کەریمی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەو ڕۆژنامەنووسەیان بە تووندی ئەشکەنجە داوە بە جۆرێک لە ماوەی یەک هەفتە لە دەستبەسەر کرانی نزیک بە ١٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە.

ڕزگار کەریمی لەماوەی دەستبەسەر کرانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و کرماشان ڕاگیرابوو و هەروەها هەڕەشەی کوشتنیشی لێ کراوە،

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو( ١٩ی ڕەزبەری ٢٧١٨/ ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئەو رۆژنامەنووسە، دەستیان داوە پشکنینی ماڵەکە و دەستیان بەسەر کامێرا و مۆبایل و لەپتاب و کەل و پەلە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە